"راپۆرتێک بڵاوکرایەوە و هەڵڵای نایەوە"

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەسەر بوونی فڕۆکەی ئێرانی لە وڵاتەکەی هاتەدەنگ

ژووری هەواڵ

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی ‘سی بی ئێس نیوز’ کە باسی لە بوونی فڕۆکەی سەربازی ئێرانی دەکرد لە بنکەی ئاسمانی نور خان لە پاکستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەو زانیارییانەی رەت کردەوە و وتی “ئامانج لەم راپۆرتە تێکدانی هەوڵەکانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری”.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، بە توندی راپۆرتەکەی سی بی ئێس نیوز (CBS News) سەبارەت بە بوونی فڕۆکەی ئێرانی لە بنکەی ئاسمانیی نور خان رەت دەکەینەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، راپۆرتەکەی سی بی ئێس نیوز لەسەر بنەمای پێشبینی و گومان داڕێژراوە و ئامانج لێی تێکدانی هەوڵەکانە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو فڕۆکە ئێرانییانەی ئێستا لە پاکستانن، لە ماوەی ئاگربەستدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، هەروەها بە قسەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بێت، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ بارودۆخێکی نائاساییی سەربازییەوە نییە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وتیشی: هەرچەندە دانوستانە فەرمییەکان هێشتا دەستیان پێنەکردووەتەوە، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاستبەرزەکان بەردەوامن و پاکستان لە پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵە دڵسۆزانەیە کە ئامانجیان برەودانە بە گفتوگۆ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر مێزی دانوستان.

شەوی رابردوو سی بی ئێس نیوز لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، لە کاتێکدا پاکستان رۆڵی نێوەندگیری دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتن دەگێڕا، بە بێدەنگی رێگەی داوە فڕۆکە سەربازییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەکانیدا بنیشنەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.