لە سەرجەم شوێنەکان رێوشوێنی خۆپارێزی دەگرنەبەر

وەزارەتی تەندروستی: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی هانتا لە کوردستان بوونی نییە 

ژووری هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا Hantavirus لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکیدا هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە تا ئەم کاتە هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتییان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە و  تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا Hantavirus  لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی و رێگەی پشکنین و تاقیگە و هۆشیاری تەندروستی دەگرنەبەر.

ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە کە دوێنێ ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە وەزارەتی تەندروستی بە 964ی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، وتیشی: ئێمە لە ئێستادا تەنیا پەیامی هۆشیاری بە خەڵکی دەدەن، بەوەی ئەو شوێنانەی مشک یان جرج-یان تێدایە پاک رابگیرێن و خۆیان لە بەرکەوتنیان بپارێزن.

ڤایرۆسی هانتا کۆمەڵە ڤایرۆسێکن کە لە رێگەی مشک و جرج دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە لە نێوان 10 هەزار بۆ 100 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن.

نوێترین و گەورەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا کە ئێستا لە میدیا جیهانییەکاندا باسی لێوە دەکرێت، پەیوەندی بە کەشتییەکی گەشتیاری (Cruise Ship) هەیە لە زەریای ئەتڵەسی بوو، کەشتییەکە لە وڵاتی ئەرجەنتینەوە بەرەو جەمسەری باشوور و چەند دوورگەیەکی زەریای ئەتڵەسی بەڕێ کەوتبوو، تاوەکو 8ی ئایاری 2026، نزیکەی هەشت حاڵەت (پێنج پشتڕاستکراوە و سێ گوماناوی) تۆمار کراون، کە تێیدا سێیان گیانیان لەدەستداوە.