قەتەر و سعودیە لە پێشیەوەن

گۆڤارێکی ئەمریکی؛ عێراق لە ریزبەندی قەڵەوترین وڵاتانی جیهانە

ژووری هەواڵ

گۆڤارێکی ئەمەریکی رێژەی قەڵەوی وڵاتانی جیهانی بڵاوکردەوە و لە ریزبەندیەکەشدا عێراق لە قەڵەوترین وڵاتەکاندایە.

بەپێی نوێترین ریزبەندیی گۆڤاری “CEOWORLD”ی ئەمریکی بۆ ساڵی 2026، عێراق چووەتە ریزی ئەو 25 وڵاتەی کە زۆرترین رێژەی قەڵەوییان تێدایە.

لە ریزبەندییەکەدا هاتووە، لە کۆی 197 وڵات، عێراق پلەی 172ی گرتووە لە رووی رێکیی جەستەوە (واتە لە کۆتاییی لیستەکەدایە).

ریزبەندیی گۆڤارەکە نیشانی دەدات کە لە ساڵی 2026دا رێژەی قەڵەوی لە عێراقدا گەیشتووەتە 39.28%، بە جۆرێک رێژەی قەڵەوی لەنێوان پیاواندا گەیشتووەتە 30.43% و لەنێوان ژنانیشدا 48.13% بووە.

بەپێی ریزبەندیی گۆڤارەکە کە 964 بەدواداچوونی بۆ کردووە، عێراق لە دوای وڵاتانی میسر، کوەیت، قەتەر و سعوودیە دێت، کە رێژەی قەڵەوی تێیاندا بۆ زیاتر لە 50% بەرز بووەتەوە.

گۆڤارەکە بە پشتبەستن بە خەمڵاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، باسی لەوەکرد، کە لە ساڵی 1990ـەوە تاوەکو ئێستا، رێژەی قەڵەوی لەنێوان کەسانی پێگەیشتوودا بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، لە کاتێکدا قەڵەوی لەنێوان مێردمنداڵاندا نزیکی چوار هێندە بووە. لە ساڵی 2025دا، نزیکەی 897 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو بەدەست قەڵەوییەوە ناڵاندوویانە، هەروەها نزیکەی سێ ملیار کەسی پێگەیشتووش کێشیان لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە.