وەزیرانی 40 وڵات بەشدارن

سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بۆ چەسپاندنی ئاسایش لەگەرووی هورمز دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

ئەگەر ئیشەکان بەباشی بڕوا سبەی سێشەممە 12.5.2026، بە دەسپێشخەریی بەریتانیا و فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی سەربازیی فراوان بۆ پاراستنی ئاسایشی سەلامەتی گەرووی هورمز بەرێوەدەچێ.

وا مەزەندە کراوە، وەزیرانی بەرگریی زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان بەشداری بکەن.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە داڕشتنی پلانێکی سەربازیی هاوبەشە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ جووڵەی کەشتیوانی و پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەت لە گەرووی هوورمز.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە و کاسرین فۆتران، هاوتا فەڕەنسییەکەی، سەرپەرشتیی ئەم ئەرکە نێودەوڵەتییە دەکەن.

گەرووەکە بەهۆی جەنگەوە چەقی ململانێی ئێرانە لەگەڵ ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو  رایگەیاند، وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ بە دڵی ئەو نییە و بە “تەواویی قبووڵنەکراو” وەسفی کرد.

ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” نوسیویەتی، ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بەناو ‘نوێنەرانی’ ئێرانن. بە دڵم نییە و بە تەواوی قبووڵنەکراوە.”