دەبێت پشکنینی خۆراکەکان لە وەزارەت بکرێت
بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بازرگانانی سلێمانی نیگەران دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەر مادەیەکی خۆراکی لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە بێتە هەرێمەوە دەبێت وەزارەتی تەندروستی پشکنینی بۆ بکات، بڕیارەکە بازرگانانی سلێمانیی نیگەران کردووە.
ئەو بڕیارە هی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمە و تەنها بۆ مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان دەرکراوە و زیاتر لە سێ هەفتەیە جێبەجێ دەکرێت.
ژووری بازرگانیی سلێمانی نووسراوەی بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە بەو بڕیارەدا بچنەوە و هەڵیبووەشێننەوە، یان ماوەیەک دیاریکەن بۆ جێبەجێکردنی تا بازرگانان خۆی لەگەڵدا بگونجێنن.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: نازانین هۆکاری ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی چییە، بەڵام لە مەرزەکان پشکنین دەکرێت و نازانین بۆ لە مەرزەکانی تر کێشەی نییە بەڵام لە مەرزەکانی باسماخ و پەروێزخان کێشەیە.
دەشڵێت؛ هەندێک مادەی خۆراکی هەیە ماوەی بەسەرچوونی کەمە و ئێستا بارهەڵگر هەیە هەفتەیەکە لە سەرمەرز چاوەڕێی پشکنینە و ئەو کێشەیە بۆ ئارد کە زووتر خراپ دەبێت مەترسییەکەی زۆرترە.
تۆڕی 964 دەزانێت، تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی وەڵامی نووسراوەکەی ژووری بازرگانیی سلێمانیی نەداوەتەوە.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم بە تۆڕی 964ـی وت “هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەم”.