شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

ترەمپ وەڵامەکەی ئێرانی بەدڵ نییە و ئێرانییەکانیش بێ باکن و منەتیان پێی نییە

شۆڕش قادری

ترەمپ وەڵامەکەی ئێرانی بەدڵ نییە و ئێرانییەکانیش بێ باکن لێی و دەڵێن، خۆنابێ هەموو شتێک بەقسەی ئەو بێ، تۆ بڵێی ئەم شەڕە قسەیە ببێتەهۆی سەرهەڵدانەوەی جەنگ یان خۆیان ژێربەژێر رێککەوتبێتن و هەموو شتێک کۆتایی هاتبێت؟

کورت و پوختی هەواڵەکانی شەوی رابردوو لێرەوە بزانە.

دۆناڵد ترەمپ: وەڵامی نوێنەرانی ئێرانم خوێندەوە، بەڵام بە دڵم نەبوو، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

ترەمپ لە ئۆباما و بایدنیش توڕەیە و رایگەیاند، باراک حسێن ئۆباما تەنیا بۆ ئێرانییەکان سەرۆکێکى نایاب بوو، لەسەردەمى ئەودا 1.7 ملیار دۆلاری نەقد بە فڕۆکە گەیەندراوەتە تاران و لەسەر سینییەکی زیوین دراوەتە دەستیان، ناوی بایدنیشی وەک سەرۆکە خەواڵووەکە هێنایەوە.

هەر دوای قسەکانی ترەمپ میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئەو وڵاتە درۆنێکی هێرشبەریان لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای ئێران خستووەتەخوار.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، وەڵامەکەی ترەمپ هیچ بایەخێکی نییە و تیمی دانوستانکاری ئێران تەنیا لە بەرژەوەندی و مافی گەلی وڵاتەکەیان پلان دادەڕێژن و خۆ ئەگەر ترەمپ لێی رازی نەبێت، باشتریشە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران: هەر قسەیەک لە بارەی دیالۆگ یان دانوستان بکرێت نیشانەی تەسلیمبوون یان پاشەکشە نییە، بەڵکو ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران و بە توندی بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری باڵیۆزی پاکستان لە روسیا بڵاویکردەوە، گەشبینن بە ئایندەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دەڵێت، هێشتا بە بنبەست نەگەیشتوون و بەردەوامە.

سێنتکۆم: هێزەکانی پیادەی دەریایی ئەمریکا (مارێنز) سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی چڕن بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەبن بۆ چوونەسەر ئەو کەشتییانەی کە سەرپێچیی گەمارۆکەی سەر ئێران دەکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا: پاریس هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە کەشتی جەنگی بۆ گەرووی هورمز بنێرێت، بەڵکو ئەگەر ئەرکێکی ئەمنی دەریایی هەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ئەنجامی دەدات.

میدیای ئێران: کەشتییەک بەناوی (AGOIS FANOURIOS) کە هەڵگری نەوتی خاوی عێراق بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران گەرووی هورمزی تێپەڕاندووە و ئێستا لە دەریای عومان بەرەو ڤێتنام دەڕوات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکی بێ ناسنامە لەسەر شەقامی سێتاقان لە شاری هەولێر نزیک گەس سێتاقان، بەهۆی نەخۆشی لەهۆش خۆی چووە و کەوتووە، دواتر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، پۆلیس داوا دەکات، هەر کەسێک ئەو هاوڵاتییە دەناسێتەوە یان زانیارییەک لەسەر کەسوکاری دەزانێت، با بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات بکات.

شەوی رابردوو یانەی بارسێلۆنا یاریی کلاسیکۆی دووەمی ئەم وەرزەی لالیگای لە رکابەرە دێرینەکەی ریال مەدرید، بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر بردەوە و توانی بۆ 29ـیەمین جار ببێتە براوەی نازناوی لالیگا.

پۆلیسی راپەڕین: هێزەکانی نەهێشتنی تاوانی پشدەر تۆمەتبارێکیان لە قەڵادزێ دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی دوو هاوڵاتی سکاڵای دزینی ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمار کردووە.

ئێوارەی دوێنێ لە ناحیەی لەیلان منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان لە کاتی ئەسپسواری کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.