"ئەوەی سەرپێچی بکات سزا دەدرێت"

نرخی تەبەقەی هێلکە لە عێراق بە شەش هەزار دینار دیاریکرا

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بازرگانيی عێراق نرخی هێلکەی بۆ هاوڵاتییان دیاریکرد و جەختی لەوەشکردەوە کە سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزا دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە دکتۆر ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانيی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوردەکردنی کرد کە (بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 37ی ساڵی 2024 پێکهێنراوە)، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بابەتەکانی ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە و دەرکردنی بڕیار و راسپاردەی پێویست.

لە کۆبوونەوەکە، بڕیار درا، کە نرخی فرۆشتنی یەک تەبەقە هێلکە بە شەش هەزار دینار بێت و رێژەی 20% یش وەکو رەسمی گومرگ لەسەر هێلکە دابنرێت، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و جێگیرکردنی نرخ لە بازاڕەکاندا.

وەزیری بازرگانی جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە چاودێرییەکان کردەوە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، هەروەها رایگەیاند کە پێویستە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە یاری بە نرخەکان دەکەن.

داواشی لە هاوڵاتیان کرد هاوکار بن و لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی تەلەفۆنی 911، هەر سەرپێچییەک لە نرخە دیاریکراوەکاندا هەبوو دیاری بکەن و ئەوانی لێ ئاگاداربکەنەوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە پێناو پاراستنی بەکاربەر و چەسپاندنی سەقامگیری لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.