شارەوانی راپەڕین ناوی کوچە و کۆڵانەکانی دەخاتە سەر نەخشەی گوگڵ

فەهمی نەبی

سەرۆکایەتی شارەوانی راپەرین رایدەگەیەنێت، لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ ناونانی شەقام و کۆڵان و باخچەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین و لەو پرۆسەیە توانیویانە ناوی هەزار و 701 کۆڵان بخەنە سەر نەخشەی گوگڵ.

ئەمڕۆ 16.3.2023 شارەوانی راپەڕین راگەیاندووە، ئەوان لەرێگای سێ لیژنەوە خەریکی ئەو پرۆسەیەن و بەشی زۆری لەسەر کۆڵان و باخچە و گەڕەکەکانی ئەو ناوچەیە لەسەر نەخشەی Google Map جێگیر کراوە.

رێباز پیرۆت، جێگری سەرۆکی شارەوانیەکانی ئیدارەی راپەڕین بە 964ی راگەیاند “ماوەی چوار ساڵە دەستمان بەو پرۆسەیە کردووە، وامان کردووە هەموو گەڕەکێک ناوی خۆی و کۆدی خۆی هەبێت، هەموو کۆڵانەکانمان ناو لێناوە، ئەو کۆڵانانەی ناویان نەبووە ناوی کوردیمان بۆ هەڵبژاردوە”

بەگوێرەی زانیاری شارەوانی راپەڕین، لە کۆی 13 شارەوانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، هەمووی لە نەخشە جێگیرکراوە تەنیا نیوەی شارەوانی رانیە ماوە، بە وتەی رێباز پیرۆت ئەوان هێشتا کۆک نین لەسەر ناوی هەندێک شوێن، لەو پرۆسەیە تا ئێستا هەزار و 701 کۆڵان ناوی لێنراوە.