بازاڕی جیهانی

نرخی نەوت بەرزبووەوە و نیگەرانییەکان بەردەوامن

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ شەممە 9.5.2026 نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان بەرزبووەوە، ئەمەش بە پاڵپشتی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ماوەیەک لە ناجێگیرییەکی بەرچاو لە بازاڕەکاندا.

ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 101 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، کە بە رێژەی 1.23% بەرزبووەوە، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکای رۆژئاوای تێکساس گەیشتە 95 دۆلار و 42 سەنت، کە بە رێژەی 0.64% بەرزبووەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەسەر دابینکردنی نەوتی جیهانی، هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها وەبەرهێنەران چاوەڕوانی هەر پێشهاتێکن سەبارەت بە هەناردەکردن و کۆگاکردنی نەوتی ئەمریکا.

نرخی نەوتی خاو لەم هەفتەیەدا هەڵبەز و دابەزی بە شێوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە، لە هەندێک جاردا نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە، پێش ئەوەی سەرلەنوێ بەرزببێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی نیگەرانییە سیاسی و سەربازییەکان.