"هەفتەیەک لەمەوپێش ئەشیامان بە قەرز لە تورکیاوە هێنابوو"
کەرکوک؛ تەواوی دوکانەکەیان سووتا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
شەوی رابردوو بە هۆکارێکی نادیار چەند دوکانێکی بازاڕی گەورەی کەرکوک سووتان و دوکانداریکێ بازارەکەش دەڵێت، هەفتەی رابردوو ئەشیامان لە تورکیاوە هێنابوو و یەک شتمان بۆ دەرنەچوو.
مستەفا سالم، دوکاندارێکە لە بازارەکە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ئەوە چوارەم جارە ئەم بازارە دەسووتێ و کەس نازانێ هۆکارەکەی چییە هەموو جارێکیش پێش جەژن ئەوە روودەدات، دەشڵێت، هەفتەیەک لەمەوپێش ئەشیامان بە قەرز لە تورکیاوە هێنابوو هەمووی سووتا و هیچمان بۆ دەرنەچوو، بایی نزیکەی چوار پێنج دەفتەر دۆلار زەرەرمان کردووە.
عاسی حاجی عەلی دوکاندارێکی دیکەی بەتەمەنی بازاڕەکەیە بۆ 964 وتی، زیاتر لە 30 ساڵە ئەم کارەبایە ئاوایە و هەرچییەک لە دوکانەکەم دا بوو سووتا و زەرەریکی زۆرمان کردووە، داوا دەکەین چاوێک بەم بازارەدا دابخشێننەوە و هیچ نەبێ پاسەوانێکی بۆ دابنێن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر