لە هەڵەبجەوە دەچێتە بەغدا

شایەتحاڵێکی رزگاربووی ئەنفال شایەتی لەسەر حەجاج دەدات

فەرهاد حەسەن

مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دەڵێت، ئەمڕۆ پێشوازیان لە رزگاربووێکی پڕۆسەی ئەنفال کردووە کە وەکو شایەتحاڵ لە دادگای تاوانەکانی لە بەغدا ئامادە دەبێت بۆ شایەتیدان لەسەر تۆمەتبار حەجاج تکریتی.

عەلی مەلا عارف، شایەتحاڵەکەیە لە گرتەڤیدیۆیەکدا کە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، پێشتر بەناوی هەڵەبجەییەکانەوە داوای یاساییان لەسەر حەجاج تۆمار کردووە و لەلایەن وەزارەتی شەهیدانیشەوە ئاگادار کراوەتەوە لە سبەینێ لە دادگای بەغدا ئامادە بێت.

دەڵێت “لەئەمڕۆوە بەڕێدەکەوم بۆ بەغدا وەکو شایەتحاڵیک لە دادگا ئامادە دەبم”.

وەکو ئەوەی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە راگەیەندراوە، سبەینێ 7.5.2026 دادگایی تاوانبار حەجاج بەڕێوەدەچێت، پێشتریش هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە 964 ی وتبوو 300 سكاڵا لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوان لەسەر حەجاج  تۆمار كراون.

دۆسییەی حەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە (حەجاجی نوگرە سەلمان) ماوەی هەفتەیەکە قۆناغی لێکۆڵینەوەی تەواوکراو رەوانەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کراوە.

رۆژی 1.8.2025 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نوێترین وێنەی حەجاجی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای زیاتر لە شەش مانگ توانیویانە حەجاج ئەحمەد حەردان لە پارێزگای موسەننا دەستگیر بکەن، كه‌ یەکێک بوو لە داواکراوەکانی رژێمی پێشوو عێراق.

هەر دوای دەستگیرکردنی، له‌ ئه‌منه‌سووره‌كه‌ له‌ سلێمانى مۆنۆمێنتى ئه‌نفال له‌  چه‌مچه‌ماڵ و ئیداره‌ى گه‌رمیان لەلایەن كه‌سوكاری ئەفالکراوان دەست بە تۆمارکردنی سكاڵا لەسەری کرا، کە بابه‌تى زۆربەی سكاڵاكان بریتی بووه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى حه‌جاج و لێدانى له‌ زیندانیان له‌ زیندانى قه‌ڵاى نوگره‌ سه‌لمانه‌وه‌.