"هەست بە ئازاریان دەکەم"
بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانی رووباری گەلی هاوڵاتییەک ئۆتۆمبێلەکەی دەبەخشێت
ئاکام غەفوور – سۆران
هاوڵاتییەک هاتووە بەدەم پێشنیارەکەی بەرگری شارستانییەوە و دەڵێت، هەست بە ئازاری ئەو دایک و باوکە دەکەم و ئامادەم ئۆتۆمبێلەکەم ببەخشم بۆ دۆزینەوەی منداڵەکان.
وادەبێتە پێنج رۆژ و تا ئێستا تەرمی ئەو سێ منداڵەی کە بە ئۆتۆمبێلێکەوە کەوتنە رووباری گەلی عەلی بەگەوە نەدۆزراونەتەوە و هاوڵاتییەکیش دەڵێت، بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان ئامادەم ئۆتۆمبێلەکەم ببەخشم.
باوەڕ حەمید، هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانە و بە مایکی 964ـی وت، کە گوێبیستی پێشنیارەکەی بەرگری شارستانی بووم، لە سەفەر بووم، بەڵام ئەمڕۆ کە گەڕامەوە، هاتمە ئێرە و ئامادەم ئۆتۆمبێلەکەم ببەخشم بۆ دۆزینەوەی منداڵەکان لە ئاوەکەدا.
ئەو هاوڵاتیە کە پیشەی پۆلیسە باسی لەوە کرد، کە ئەو خزم یان ناسیاوی کەسوکاری قوربانییەکان نییە، بەڵام خۆی منداڵێکی نەخۆشی هەیە، بۆیە هەست بە ئازاری دایک و باوکی منداڵەکان دەکات و دەشڵێت، بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و رەواننەوەی خەمی کەسوکاریان، هەرچی لە توانادا بێت ئامادەیە بۆیان بکات.
یەکێک لەو تەکنیکانەی بەرگری شارستانی سۆران بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکان پێشنیاری کرد، فڕێدانی ئۆتۆمبێلێکی دیکە بوو لە شوێنی رووداوەکە، بۆئەوەی رێڕەوی ئۆتۆمبێلەکە دیاری بکەن و دواتریش ئۆتۆمبێل و تەرمەکان بدۆزنەوە.
ئەمڕۆش هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە شوێنی رووداوەکەوە بە 964ـی وت، تازەترین تەکنیکی ئەمڕۆیان هێنانی حەفارەیە بۆ ئەوەی ئاوەکە بشکێنێتەوە و بگەنە قوڵایی رووبارەکە.