بە ئۆتۆمبێلەوە چوونەتە مێرگە شلێر

لەسەر شێواندنی شلێرەکانی باڵەکایەتی چەند کەسێک دەستگیرکران

ئاکام غەفوور – سۆران

دوای ئەوەی چەند کەسێک بە مەلەغان شلێرەکانی باڵەکایەتی دەدروونەوە و بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەچنە ناو دەشتەکە و دەبنەهۆی شێواندنی گوڵە شلێرەکان، دەستگیر دەکرێن و ژینگەی سۆرانیش دەڵێت سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین.

هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی لە رێگای ئێوە ئاگادار کراینەوە لە بابەتی شێواندنی شلێرەکانی باڵەکایەتی، دەستبەجێ بەدواداچونی خێرامان کرد بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە”.

بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران راشیگەیاند، ئێستا ئەو کەسانە لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر.

بە وتەی هەژار ماهیر، ئەو کەسانە بەپێی ماددەی 31ی برگەی چوارەمی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008 سەرپێچی ژینگەیان کردووە و ئەوانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە سکاڵای یاساییان بەرامبەر تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 5.5.2026 هاوڵاتییەک چەند وێنەیەکی بۆ 964 نارد و وتی، چەند کەسێک بە مەلەغان شلێرەکانی باڵەکایەتی دەدروونەوە و بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە رۆشتوونەتە ناو دەشتەکە و  خەریکە بە تەواوی گوڵە شلێرەکان وێران دەکەن.

ئەو شوێنەی لە وێنەکاندا دیارە کوێستانی چیکانە لە باڵەکایەتی و بە مێرگە شلێر ناسراوە.