مافپەروەرێک هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات

“ئاگاداربن ئەکاونتەکانتان لای کێ چاک دەکەن”

دیلان محەمەدجەزا

مافپەروەرێک روونی دەکاتەوە، بەپێی بڕگەکانی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە کوردستان، بۆی هەیە بە کۆمێنێتک بخرێیتە زیندانەوە، رێنمایی ئەوەش دەخاتەڕوو، پێویستە هاوڵاتیان بە ئاگاییەوە ئەکاونتەکانی خۆیان لای خەڵکی ناسیاو و جێی متمانە چاک بکەن.

سەرکار مەحمود، کە پارێزەر و مافپەروەرە بە 964ی وت، هاوڵاتیان پێویستە وشیاریی یاساییان بۆ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هەبێت و بە ئاگاییەوە کۆمێنت بنووسن.

دەشڵێت، بۆی هەیە بەهۆی کۆمێنێتێکەوە تووشی سکاڵا و دەستگیرکردن و زیندانی ببینەوە، یان بە پارەیەکی زۆر غەرامە بکرێیت.

سەرکار مەحمود باسی کەیسێکی دادگا دەکات، کە کەسێک ئەکاونتی سناپی لای کەسێکی تر چاککردووە، بەڵام ئەوەی چاکی کردووە، وێنە و فایلە تایبەتەکانی خاوەن ئەکاونتەکەی بردووە و دەستکاری کردووە و کردوویەتی بە وێنەی نەشیاو، دواتریش بە ئەکاونتی تیلیگرام وەک نەناسێک هەڕەشەی لێکردووە، کە بڕی هەزار دۆلاری پێنەدات وێنەکانی بڵاودەکاتەوە، بۆیە دەڵێت، پێویستە لای کەسانی ناسیاو و جێی متمانە و ناسراو ئەکاونتەکانیان چاک بکەن، ئەگەر کێشەی هەبوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا