چیرۆکی ئەو مامۆستایەی بەپێوەدانی هەنگ گیانی لەدەستدا
“پزیشک ئاگاداری کردبووەوە کە دەبێ واز لە هەنگەوانی بهێنێت”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
هاوڕێ و هاوپیشەی ئەو مامۆستایەی کەلار کە بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە گیانی لەدەستدا دەڵێت، سێ جاری دیکە بە هەنگ وەزعی تێکچووە و پزیشکیش پێی وتووە کە دەبێت واز لەو ئیشە بهێنێت.
درەنگانی شەوی رابردوو، لە گوندی بەرلوت لە گەرمیان، مامۆستایەک بەناوی نەجمەدین سابیر کە 15 ساڵ بوو کاری هەنگەوانی دەکرد، هەنگەکانی پێیانەوەدا و گیانی لەدەستدا.
لەوکاتەدا مامۆستا گەرمیان کەریمی لەگەڵ بووە و رووداوەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت، “دوێنێ شەو لە گوندی سەیدە لە ناحیەی رزگاری هەنگەکانمان گواستەوە بۆ گوندی بەرلوت، نزیکەی کاتژمێر 11 بوو هەنگەکانمان داگرت و لە کۆتایی ئیشەکەماندا بووین، پێی وتم، هەنگێک پێوەیداوم فریام کەوە”.
“سەیرم کرد وەزعی زۆر تێکچووە، ئاوم کردە سەروچاوی، وتی، ئاو چارەم ناکات، بەپێی خۆی سواری سەیارەکە بوو، بەڵام لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە تەواو پەرێشان بوو”، مامۆستا گەرمیان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ جاری دیکە بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە وەزعی تێکچووە و هەر بەوهۆیەشەوە تووشی رەبوو بووە، بۆیە دکتۆر پێی وتووە، نابێ بەهیچ جۆرێک نزیکی دوکەڵ و خۆڵ و تەپۆتۆز ببیتەوە و نابێ هەنگیش پێتەوە بدات، دەبێ واز لە ئیشەکەت بهێنیت.
بەقسەی گەرمیان کەریم مامۆستا نەجمەدین بەنیاز بووە ئەمساڵ واز لە کاری هەنگەوانی بهێنێت، بەڵام قەدەر وابووە کە بەم شێوەیە کۆچی دوایی بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری