کەش و هەوا
جلە زستانەکانتان دەربهێنن
پلەکانى گەرما بە خێرایى دادەبەزن؛ سبەی بەفر و بارانی قوڕاو بەڕێوەیە
964+
وریا فەتاح
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو گۆڕانکارییەکی خێرا و سەرسوڕهێنەر پیشان دەدەن، لە کاتێکدا ئەمڕۆ پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوەن، بەڵام لە درەنگانی ئەمشەو شەپۆلێکی سارد دەگاتە هەرێمی کوردستان و کەشەکە تەواو پێچەوانە دەکاتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 3-5-2026، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 2-4 پلە بەرز دەبنەوە و خێرایی با زیاد دەکات کە دەگاتە 10-20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. بۆ ئەمڕۆ تەنها لە هەندێک ناوچەی سنووریی ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک ئەگەری تاوە بارانی بەهاریی کورتخایەن هەیە.
لە سبەى دووشەممەوە کەشەکە دەگۆڕێت، بارستە هەوایەکی سارد دەگاتە سەر ناوچە سنووری و شاخاوییەکان، هەوایەکی فێنکیش شارەکان دەگرێتەوە. پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. لە سەنتەری پارێزگاکان (6-8) پلە، و لە ناوچە شاخاوییەکان (7-9) پلە نزم دەبنەوە.
هەر بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە ساردە چەند رۆژێک دەمێنێتەوە. سبەی لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری بارانی بەهاری و هەورە تریشقە هەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە سێ شتە:
1. لەسەر لوتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە.
2. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری تەرزە بارین هەیە.
3. هەرچەندە ئەگەری باران لە سەنتەری شارەکان کەمە، بەڵام بەهۆی بوونی تۆزوخۆڵ لە چینەکانی سەرەوەی ئاسمان، ئەگەر باران ببارێت ئەوا تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت و بە شێوەی (بارانی قوڕاو) دەکەوێتە خوارەوە.
جیاوازیی بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ و سبەی شارەکان زۆرە و بەم شێوەیەیە:
• هەولێر: ئەمڕۆ 29 پلە — سبەی 19 پلە
• پیرمام: ئەمڕۆ 24 پلە — سبەی 17 پلە
• سۆران: ئەمڕۆ 25 پلە — سبەی 16 پلە
• حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 17 پلە — سبەی 8 پلە
• سلێمانی: ئەمڕۆ 27 پلە — سبەی 17 پلە
• چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 28 پلە — سبەی 19 پلە
• دهۆک: ئەمڕۆ 26 پلە — سبەی 16 پلە
• زاخۆ: ئەمڕۆ 26 پلە — سبەی 15 پلە
• هەڵەبجە: ئەمڕۆ 28 پلە — سبەی 20 پلە
• گەرمیان: ئەمڕۆ 30 پلە — سبەی 22 پلە