پزیشکێکی پسپۆڕ وادەڵێت؛
“زۆر خواردنی ئیندۆمی تووشی شێرپەنجەتان دەکات”
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
پزیشکێکی پسپۆڕ باسی بەدخۆراکی منداڵان دەکات و دەڵێت، زۆر خواردنی ئیندۆمی بە مرووری زەمەن گەورە و بچووک تووشی شێرپەنجە دەکات.
لە سلێمانی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە خۆراکی تەندروست بۆ منداڵان بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان بەڕێوەچوو، لە فێستیڤاڵەکەدا د. تارا عەلی پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خواردنی جاران زۆر تەندروست تر بوو لە خواردنی ئێستا، چونکە ئێستا منداڵ سەریکردووەتەسەر خواردنی دەرەوە و فاست فوود و وازی لە خواردنی ماڵەوە هێناوە”.
“چپس یەکێک لەو خواردنانەی کە زۆر خراپە، چونکە نە پرۆتینی تێدایە و نە ڤیتامین و کانزای تێدایە، پێکهاتووە لە نشاستە و چەوری و هەندێکیان ماددەیەکی شێرپەنجەییان تێدایە، بۆیە ئەگەر منداڵ زۆر بیخوات، بەرەو بەدخۆراکی دەبات و تووشی نەخۆشی شەکرەی دەکات”، د. تارا وای وت.
سەبارەت بە خواردنی ئیندۆمیش ئەو پزیشکە دەڵێت، هەفتەی جارێک یان مانگی جارێک بخورێت، کێشە دروست ناکات، بەڵام زۆر خواردنی مەترسیدارە و ئەویش دەبێتەهۆی تووشبوونی شێرپەنجە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری