دارێکی ناو رووبارەکەش نەبووە فریادڕەس

شوێنی بەربوونەوەی ئۆتۆمبێلەکە راگری قەراغ جادەی نییە

ئاکام غەفوور – سۆران

ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی سۆران بە پێنج سەرنشینەوە بەربووەتەوە ناو رووبار، راگری قەراغ‌ جادەی لێ نییە و ئەگەر راگر هەبوایە، رەنگە کارەسات نەقەومایە.

درەنگانی شەوی رابردوو ژن و پیاوێک و سێ منداڵ، دوای گەڕانەوە لە سەیران لە رێگای کانی ماران، بەئۆتۆمبێلەوە کەوتنەناو رووباری گەلی عەلی بەگ، ژن و پیاوەکە رزگاریان بوو و منداڵەکان و ئۆتۆمبێلەکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

رێک ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێ کەوتووەتە خوار، راگری تەنیشتی رێگای نییە و ئەگەر راگرەکە هەبوایە، دەشێت زیانەکان بەم قەبارەیە ئێستا گەورە نەبوونایە، لە بێ بەختی ئەو هاوڵاتیانە، تەنیا نیو مەتر لەولاتر راگر هەیە و لە ناو رووبارەکەش، ئۆتۆمبێلەکە بە تەنیشت دارێکەوە تێپەڕیوە و دارەکەش نەبووەتە فریادڕەسی ئەو سێ منداڵە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری