ئاهەنگەکەی هوتێل هیڵتۆن
ڤیدیۆیەکی نوێ لە بارەی هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
داواکاری گشتیی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا، جینین فێریس پیرۆ، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە کاتی هێرشەکەی سەر ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی و تەقەکردن لە سەرۆکی ئەمریکا بە بەڵگە دەخاتەڕوو.
گرتە ڤیدیۆییەکە کە زیاتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت، جوڵەکانی ئەو کەسەی گومانلێکراوە چەکدارە پێش هێرشەکە، هەروەها کردەوەی سەگێکی پۆلیس چەند ساتێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکە دەردەخات.
جینین پیرۆ لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: “ئەمڕۆ ئێمە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاودەکەینەوە کە پێشتر پێشکەش بە دادگای ئەمریکا کراوە کە تێیدا دەردەکەوێت کۆڵ ئالن تەقەی لە ئەفسەرێکی خزمەتگوزاری نهێنی کردووە لەکاتی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک لە ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا، هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە تەقەکردنەکە تەقەی دۆستانە بووبێت، (بە مانای ئەوەی تەقەکە لە لایەن تیمەکەوە کرابێت)”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ئالن رۆژێک پێش هێرشەکە لە هۆتێل هیڵتۆن چاودێری و پشکنینی ناوچەکەی کردووە.
داواکاری گشتیی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئۆفیسەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ FBI بەردەوام دەبێت لەم لێکۆڵینەوە بەرفراوانە بۆ ئەوەی کۆل ئالن بدرێنە دادگا.
شەممەی رابردوو 25.4.2026 لە هوتێل هیلتۆن شیراتۆن لە واشنتن لە ئاهەنگی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، کە سەرۆکی ئەمریکا ئامادەبوو، کەسێک بە ناوی کۆڵن تۆماس ئالن خۆی کرد بە ژووردا و تەقەی کرد و بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەڵێن، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی داوە.