نەخۆش کەوتوون
70٪ـی کێڵگەکانی پەتاتە و پیازی گوندەکانی شێخان خەریکە لەناودەچن
964+
سیداد حەبیب – دهۆک
لە سنووری قەزای شێخان لە دەشتی ناوکوری بناری چیای مەقلوب، بە تایبەتی گوندەکانی مەهەد و گرفەقیر و تلجومر و بەرازی و بابا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخوشییەکەوە، کە پێی دەوترێت”لەفحە”، 70٪ـی کێڵگەکانی پەتاتە و پیازی ناوچەکە خەریکە لەناو دەچن.
ئەندازیار ئەحمەد ئەنوەر بە 964ـی وت، “نەخۆشیی “لەفحە” هەموو ساڵێک هەیە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرما و زۆریی رێژەی بارانەوە زیاتر بڵاوبووەتەوە و زیانی بە بەرهەمی جوتیاران گەیاندووە.
باسی لەوەش کرد، هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشییە، پێدەچێت هەڵم و شێ بێت، بۆیە هیچ چارەسەرێکی نییە و تەنیا ژمارەیەک دەرمان هەن وەک (کۆنفۆرس) و (ڤۆلی گۆڵد)، کە ئەوانیش بە تەواوی لەناوی نابەن، بەڵکو دەتوانن رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکەن.
ئەو ئەندازیارە لەڕێی 964ـەوە داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات، هەرچی زووە لیژنەیەکی پسپۆڕ لە شارەزایانی بواری کشتوکال پێکبهێنن، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا