"ناهێڵین کارەبای خۆمانمان بە گران پێ بفرۆشنەوە"

دوکان پرۆژەی رووناكی رەتدەکاتەوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

خەڵکی قەزای دوکان رێگرییان لە تیمەکانی کارەبا کرد کە دەیانویست پێوەری زیرەکی پرۆژەی “رووناكی” لە قەزاکەیان ببەستن. دانیشتوانی ناوچەکە دژی گۆڕینی سیستەمی کارەباکەیان وەستاونەتەوە و دەڵێن، دوکان خۆی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمە و رێگە نادەین بە نرخێکی گرانتر کارەبامان پێ بفرۆشرێتەوە.

قەزای دوکان بەهۆی هەبوونی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆلیکی لەسەر بەنداوەکەی، ساڵانێکی درێژە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرییە و پشکی شێری لە دابینکردنی وزەی نیشتمانی بۆ شارەکانی دیکە هەیە، دانیشتووانی قەزاکە جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە، پێویست ناکات بخرێنە ناو پرۆژەی روناكی، چونکە پێیان وایە تێچووی کارەباکەیان لەسەر زیاد دەکات و باشترە ئەوان لەسەر سیستمە کۆنەکە بمێننەوە.

پرۆژەی روناكی لە ئێستادا زۆربەی گەڕەکەکانی ناوەندی هەولێر، ناو شاری سلیمانی، دهۆک و هەڵەبجەی گرتووەتەوە، هەروەها تەواوی ئیدارەکانی راپەڕین، سۆران و زاخۆش کەوتوونەتە ناو پرۆژەکە. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا 85%ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سودمەندن لەم پرۆژەیە و تەنیا ئیدارەی گەرمیان ماوە کە تا ئێستا پرۆژەکەی پێنەگەیشتووە. لە کاتێکدا حکومەت بەردەوامە لە فراوانکردنی سیستەمەکە بۆ گشت ناوچەکان، روبەرووبوونەوەی خەڵکی دوکان ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لەو قەزایە دروست کردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

کارەبای دهۆک کێشەی نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی چارەسە...

کارەبای دهۆک کێشەی نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی چارەسەر دەکات