"با مەرگی ئەم ئازیزانە یەکمانخات"

تەرمی فاروق رەفیق لە گردی سەیوان بە خاک دەسپێردرێت

964+

دیلان محەمەدجەزا

دواجار تەرمی نووسەر و بیرمەندی کورد فاروق رەفیق گەیشتە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی و بە خاک دەسپێردرێت، پارێزگاری سلێمانییش دەڵێت، با مەرگی ئەو ئازیزانە کورد یەکبخات.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان و کەسوکار و ئازیزانی، هەروەها پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، تەرمی نووسەر و بیرمەندی ناوداری کورد فاروق رەفیق لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.

پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەم بۆنەیە بە 964ی وت، “بیرمەند و زانا و دانا و فەلسەفەزانێکی گەورەمان لەدەست دا، ئیتر ئەگەر ئەزموونمان لە ژیان و نووسین و بەرهەمەکانی ئەودا نەبینیوە، با لە مەرگی ئەو خۆشەویستیانە هەموو لایەکمان یەکبخات و رۆحی ئەوان شاد بکەین”.

د.فاروق رەفیق دوێنێ لە هەولێر گیانی لەدەست دا و ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە و دەگاتە دوامەنزڵگەی.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا