"کەرکوک تەنیا هەواڵ نییە"
کۆمەک بۆ لێقەوماوانى رووداوى هاتوچۆکەى کەرکوک کۆدەکرێتەوە
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
“کارەسات لە کەرکوک تەنیا هەواڵ نییە، کارەساتێکى مرۆییە. خێزانەکان لە یەک چرکەدا هەموو شتێکیان لەدەستدا، ببەخشە ئەگەر شتێکى بچوکیشە”، ئەمە ئەو پەیامەیە کە بۆ کەمپەینى یارمەتیدانى رووداوى هاتوچۆکەى کەرکوک دانراوە.
ئێوارەى رۆژى یەکشەممە، دواى ئەوەى بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵى لەدەستدا رووداوێکى گەورەى هاتوچۆى دروستکرد و خۆى کێشا بە 36 ئۆتۆمبێل.
لە رووداوەکەدا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 27 کەسى تریش بریندار بوون کە لە ناو ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستدا، منداڵێکى دوو ساڵان هەبوو کە جگە لە خۆى دایک و داپیرەشى، گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لە چالاکوان و پارێزەر و گەنجانى شارى کەرکوک، لە شوێنى رووداوەکە کەمپەینێکیان بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارى راگەیاند تا بیدەن بەو کەسانەى لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
ئاراز ئیسماعیل کە پارێزەر و سەرپەرشتیارى کەمپەینەکەیە بە 964ـى وت،”گرنگە لەوکاتەدا لەگەڵ قوربانیان بوەستین و لەگەڵیان بین، بەتایبەت کە جگە لە گیانلەدەستدان کەسانێک لەو رووداوەدا ئۆتۆمبێلەکەیان لەدەستداوە کە بژێوى ژیانیانى لەسەرە”.
کەمپەینەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە دەستپێکى کەمپەینەکەش، گەنجێکى شارى موسڵ بە 30 ملیۆن دینار بەشدارى کرد و شۆفێرى ماتۆڕێکى دلیڤەریش 1000 دینارى بەخشى و پەیامێکى جوانى جێهێشت کە دەڵێت،”ببەخشە ئەگەر کەمێکیش بێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح