کەسێک گیانی لەدەست دا و 10ی دیکە بریندارن

“چەند جارێک داواکرابوو کاری باڵەخانەکەی کەرکوک رابگیرێت”

کاروان ساڵحی

وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، تا ئێستا لە ئاماری باڵەخانە تەواونەکراوە رووخاوەکەی گەڕەکی وەحدەی کەرکوک، یەک کرێکار گیانی لەدەست داوە و 10ی دیکەش بریندارن، بەڵام یەکێک لە بریندارەکان تەندروستی خراپە، بەرپرسێکی شارەوانییش ئاشکرای دەکات باڵەخانەکە کێشەی یاسایی هەیە و پێیان وتووە کارەکانی رابگرێت.

عەقید عامر شوانی بە 964ی راگەیاند، هیوادارن کەسی تر نەدۆزنەوە لە ژێر بیناکە و برینداری دیکە نەبێت.

وتیشی، تا ئێستا ئەوەی وەک ئامار تۆمارکراوە، یەک کرێکار گیانی لەدەست داوە و 10 کرێکاری تر بریندارن، بەڵام برینی یەکێکیان سەختە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی کەرتی سێی شارەوانی ئوسامە دورید رەشید بە 964ی راگەیاند، بینا تەواونەکراوەکە بە نایاسایی کاری کردووە و چەند جارێک خاوەنەکەی تەبیلغ کراوە کارەکانی رابگرێت.

وتیشی، لەگەڵ موختاری گەڕەکەکە چەند جار پێمان وتووە کارەکانی رابگرێ، چونکە ئیجازەکەی لە شارەوانییە و تەنیا تاپۆی هەیە.

هەروەها ئاشکرای کرد، لەگەڵ بەرگریی شارستانی هاتووین کارەکانی رابگرین، بەڵام کرێکارەکان رایاندەکرد و خۆیان دەشاردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27.4.2026 باڵەخانەیەکی تەواونەکراو لە گەڕەکی وەحدەی کەرکوک رووخا و جگە لە ئاماری کوژراو و برینداران، هێشتا تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەدوای کرێکاری دیکە لە ژێر داروپەردوودا دەگەڕێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا