ئەگەر بچیت بۆ سەفەر چۆن پارەكە لە ئاڕ تی بانک وەردەگریت؟

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

لە هەرێمی كوردستاندا تەنیا ئاڕ تی بانک دەتوانێت پارەی دۆلار بە هاوڵاتیان بدات بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، کەواتە ئایا چۆن گەشتیار دەتوانێت دۆلار وەربگرێت؟

بانكەكە بەستەرێكی ئەلیكترۆنی دروستكردووە، داوای كۆمەڵێك زانیاری دەكات، وەك ڤیزای سەفەر و تكتی فڕۆكە و ناوی سیانی ئەو كەسە كە گەشت دەكات.

دوای پڕكردنەوەی بەستەرە ئەلیكترۆنییەكە، لە رێگەی نامەیەكی واتسئەپەوە ئاگادار دەكرێیتەوە كە بڕۆیتە بانك و دیناری عێراقی دابنێیت، لە بەرانبەر هەر 132 هەزار دینارێک، 100 دۆلاری ئەمریکی وەربگریت.

ئەگەر سەفەر بكەیت بۆ گەشتوگوزار ئەوا تەنیا دوو هەزار دۆلارت پێدەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر بۆ حەج و عومرە بڕۆیت سێ هەزار دۆلار وەردەگریت.

لە بانك پارەی عێراقیت لێوەردەگیرێت، پسوڵەیەك وەردەگریت و لە كاتی فڕینت لە فڕۆكەخانە پسوڵەكەت لێوەردەگیرێت و پارەكە وەردەگریت.

964 دەزانێت بەستەرەكە لە سێ رۆژی رابردوودا نەدەكرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە كەوتەوەكار، پێشتر گەشتیار دەیتوانی حەوت هەزار دۆلار وەربگرێت، بەڵام بە بڕیاری بانكی ناوەندیی عێراق بڕە پارەكە كەمكرایەوە بۆ دوو هەزار دۆلار.