ئیشکردن لە پڕۆژەی ئاوی پاکی دەربەندیخان بە مەنگی ماوەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان بە دانیشتوانەکەی درا، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی بوودجەوە تا ئێستا کارکردن تیایدا دەستی پێ نەکردووەتەوە.
دوای نزیکەی مانگێک خۆپیشاندان، دانیشوانی دەربەندیخان 1.3.2023 بە مەرجی تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی پاکی دەربەندیخان و باشكردنی کارەباکەیان کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان هێنا.
ئەوکاتە راگەیەندرا 10 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قەزاکە تەرخان کراوە و دەست بە تەواوکردنی دەکرێت.
ئەندازیار سینان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆهیتان، کە جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی پاکی دەربەندیخانە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بوودجەی پڕۆژەکەیان 20 ملیۆن دۆلارە و تەنها 5 ملیۆن دۆلار وەرگیراوە.
پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان زیاتر لە 55٪ـی کارەکانی تەواو بووە، تەنیا کاری میکانیک و کارەبا ماوە و بە تەواوبوونیشی سنووری قەزای دەربەندیخان کێسەی کەمیی ئاوی پاکیان چارەسەر دەبێت.
“تا ئێستا ئێمە دەستمان بە پڕۆژەکە نەکردووەتەوە چونکە هیچ بوودجەیەکی ترمان بۆ دابین نەکراوە و ئێمە داوامان کردووە قۆناغ قۆناغ بماندەنێ بەڵام هیچ دیار نییە”، ئەندازیار سینان وای وت.