پزیشکێک رێنماییتان پێدەدات

ژەهراویبووەکانی خەلیفان گەیشتە 11 کەس 4 یان ناجێگیرن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی خواردنی کوارگەوە ژەهراویبوون گەیشتە 11 کەس و هەموویان ئەندامی یەک خێزانن، پزیشکێکیش دەڵێت، دۆخی چوار کەسیان ناجێگیرە.

دکتۆر دەرون سدیق، پزیشکی پلەبەند لە نەخۆشخانەی خەلیفان، بۆ 964 باس لە تەندروستی ئەو کەسانە دەکات کە ژەهراوی بوونە، کە یەکەمجار کەسە ژەهراویبووەکان هەشت کەس بوونە بەڵام دواتر سێ کەسی دیکەش کە لە هەمان خێزانن گەیاندراونەتە نەخۆشخانەکەیان.

دەشڵێت “پێویستە بەر لە خواردن پشکنین بۆ کوارگ بکرێت بەتایبەتیش ئەگەر گومانیان لەسەر هەبوو”.

پێشتریش زریان فەتاح، کە خێزان و کوڕ و کچێکی ژەهراوی بوونە بە 964 ی وت، لە گوندی بناوی ئەم کوارگانەیان کردوون کە بۆ گەشت و سەیران چووبوونە گوندەکە و دەڵێت “رەنگی کوارگەکان زەرد بوون سەرەتا گومانمان لێیان هەبوو”.

باس لەوەدەکات دوای خواردنی کوارگەکان بە نیو کاتژمێر هەشت کەسەکەی خێزانیان  پلەی گەرمیان بەرز بووەتەوە تووشی (تا)یەکی بەرز هاتوون و دەشڵێت “ئێستا لە سۆران لەژێر چاودێری پزیشکی دان”.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن