دەڕاسەکان چاکدەکرێنەوە
رۆژئاواى کوردستان خۆى بۆ وەرزى دروێنە ئامادە دەکات
964+
گەرناس مەعۆ
لە 10ـى ئایارەوە، وەرزى دروێنە لە رۆژئاواى کوردستان دەستپێدەکات، بەڵام بارانى ئەمساڵ پێدەچێت، ساتى دروێنە بگەیەنێتە دواى 20ـى ئایار، جگە لەوە خاوەن دەڕاسەکان گرفتارن بەدەست بەرزبوونەوەى نرخى گاز و سووتەمەنى.
سلێمان جەنو، خاوەندەڕاسە لە رۆژئاوا، لە کاتى سەرقاڵبوون بە چاککردنەوەى دەڕاسەکەیى و ئامادەکردنى بۆ وەرزى دروێنە، بۆ 964 وتى،” بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پارچەی یەدەگ و کەمیی سووتەمەنی، پرۆسەی کۆکردنەوەی دانەوێڵە کەوتووەتە مەترسییەوە”.
ناوچەی جەزیرە کە بە “کۆگای خۆراکی سووریا” ناسراوە و نزیکەی 45%ـی زەوی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، ئێستا چاوی لە پشتگیریی زیاتری حکومەتە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، تا بتوانن پارێزگاری لەو 2.6 ملیۆن هێکتارە بکەن کە ساڵانە گەنم و جۆی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح