بۆ ئارامبوونەوەی دەروونیان
لەناو چاکسازی گەورانی هەولێر کۆنسێرتێکی هونەری بۆ سزادراوان بەڕێوەچوو
964+
فەرهاد حەسەن
چاکسازی گەورانی هەولێر دەڵێت، لە رێگەی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێکی هونەرییەوە، کار بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی سزادراوان دەکات ئەو تیمەی کارە هونەرییەکەشیان ئەنجام دا هەر لە سزادراوان خۆیان بوون.
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بە سەرپەرشتی هۆبەی مەشق و راهێنانی پیشەیی، ئەم چالاکییەیان ئەنجامداوە، ئەمەشیان هەم بۆ بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بە شێوەیەکی کاریگەر و هەمیش بۆ ئەوەی سزادراوان لە کاتی بوونیاندا سودمەند بن لە رووی دەروونییەوە.
دەشڵێت، ئەم چالاکییە وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکانی سزادراوان بەڕێوەبرا کە یارمەتی سزادراوانی دا بۆ دروستکردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوەی کاتی لە بیرکردنەوەی نەرێنی.
روونیشیکردووەتەوە کە تیمی مۆزیک و هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئەم کۆنسێرتە، خۆیان لەناو سزادراوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بوون، دەڵێت “ئەمەش نیشانەیەکی روونە لە بوونی بەهرە و توانای ناوخۆیی و گرنگیدانی بە دەرخستنیان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و راهێناندا”.