یونسكۆ ژماره‌ى شوێنه‌واره‌كانى دهۆك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ زیاد ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوى یونسكۆ كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانى سنوورى پارێزگاى دهۆك فراوانتر ده‌كات و شوێنه‌وارى دهۆكیش ده‌ڵێت، بودجه‌ى تایبه‌تى بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان ته‌رخان كردووه‌‌.

یونسكۆ، رێكخراوێكی سه‌ر به‌ نەتەوە یەكگرتووەكانە لە بواری پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری، لە ساڵی 1945 دامەزرا و لە 1946 بوو بە بەشێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان.

د. بێکەس بریفکانى، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، به‌ 964ـى رایگەیاند “رێکخراوی یونسكۆ بڕیاریداوە ژمارەیه‌كى دیكه‌ لە شوێنەوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نۆژەنبكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخانكردووە”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، جگه‌ له‌ یونسكۆ، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ى وڵاتانیش له‌ رێگه‌ى زانكۆكانییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر پشكنین و هه‌ڵكۆڵین و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانى سنوورى دهۆك ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیاو چیك و به‌ریتانیا.

بەڕێوەبەری گشتى شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ ئێستادا یونسكۆ هەشت پرۆژەی جیاجیای شوێنەواری له‌ سنوورى دهۆك نۆژەندەكاتەوە، كه‌ پێشتر ته‌نیا كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێنج شوێنه‌وار ده‌كرد.

“لابردنی نووسین لەسەر شوێنەوارەكان و نەهێشتنی دارودرەختی زیادە و پاككردنەوەی شوێنەواری، ورده‌كارى ئه‌و كارانه‌ن كه‌ یونسكۆ له‌و شوێنه‌وارانه‌ ده‌یكات” بریفكانى واى وت .

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ شوێنه‌وارى دهۆك به‌ 964 داوه‌، سنوورى كاركردنى رێكخراوى یونسكۆ له‌ شوێنه‌واره‌كانى پارێزگاى دهۆك ده‌كه‌ونه‌ هه‌ر سێ قەزاكانی ئامێدی و ئاکرێ و شێخان.