مۆندیالی 964

بەرەکەت لەگەڵ پیرەکاندایە

+964
ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرەکەت لەگەڵ پیرەکاندایە و بەزمیان خۆشە… ئەمە لە مۆندیالی ئەمجارەدا چیرۆکی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەوجا ئاخێری خێربێت، بە تایبەتی کە پێنج یاریزانی تەمەن 40 ساڵی و بەسەرەوە بەشداریی دەکەن.
لە مۆندیالی 2026دا کە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، لانی کەم 5 یاریزانی ناودار کە تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵییەوەیە، بەشداری دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری “فرانس فوتبۆڵ”، لیستی “پیرە نەبەزەکان” بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پاشای یاریگەکان دەستپێدەکات، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بڕیارە بەشداریی بکات.
رۆناڵدۆ کە تەمەنی 41 ساڵە، چاوی لەوەیە ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە لە 6 وەشانی مۆندیالدا بەشداریی بکات، دوای ئەوەی لە (2006، 2010، 2014، 2018 و 2022 بەشدار بوو.
پیرەمێردی دووەم، لوکا مۆدریچی کرواتیا، کە ئێستاش هەر وەکو گەنجێک یاری دەکات و پێیوە دیار نییە تەمەنی چەندە.
مۆدریچ تەمەنی 41 ساڵە و رابەرایەتی هەڵبژاردەی کرواتیا دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە جادووی خۆی لە هێڵی ناوەنددا پێشانی جیهان بدات.
ئەستێرەی دێرینی سێیەم، گیێرمۆ ئۆچوای گۆڵپارێزە ئەفسانەییەکەی مەکسیکە، کە لە تەمەنی 40 ساڵیدایە.
ئۆچوا هەوڵ دەدات بۆ پێنجەمین جار لە کاروانی وەرزشی خۆیدا لە مۆندیالدا ئامادە بێت، بەتایبەت کە وڵاتەکەشی یەکێکە لە میواندارەکان.
میوانێکی قەدرگرانی ئەمجارەی مۆندیال، ئێدین دزیکۆی هێرشبەری بۆسنەییە و کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی، ئەویش لە تەمەنی 40 ساڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەکۆی جیهانی.
دزیکۆ ئەمە دووەم بەشداری نێودەوڵەتیی دەبێت لە دوای بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیل.
دوایاریزانیش کە هێشتا بە تەمەنێکی زۆرەوە لە یاریکردن بەردەوامە، تیاگۆ سێلڤای بەڕازیلییە.
بەرگریکارە بەئەزموونەکەی ئێستای پۆرتۆ، خەون بە کۆتا بەشداری دەبینێت.
سێلڤا کە تەمەنی 41 ساڵە، بە ئاشکرا ئارەزووی خۆی بۆ یاریکردن لە مۆندیال دەربڕیوە و چاوەڕێی گلۆپی سەوزی میستەر ئەنچیلۆتییە و بانگهێشتی بکات.
ئەنچیلۆتییش رایگەیاندووە: “من هەرگیز سەیری مێژووی لەدایکبوون لە پاسپۆرتەکاندا ناکەم. هەموو یاریزانە بەڕازیلییەکان دەتوانن چاویان لەوە بێت ناویان لە لیستەکەدا بێت، گرنگ نییە تەمەنی 41 ساڵ یان کەمتر بێت.

ئێران چووە کەشوهەوای مۆندیالەوە و رۆبۆتەکانیش عەرزی ع...

ئێران چووە کەشوهەوای مۆندیالەوە و رۆبۆتەکانیش عەرزی عەزەڵات دەکەن