سبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە هەیە

“مالیکی لە کاندیدبوون بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکشێتەوە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

حزبی دەعوەی عێراقی ئەمڕۆ یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناکێشتەوە، سبەیش کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم بابەتە دێتە ئەنجامدان.

حزبی دەعوە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێن، “جێگرەوەی مالیکی هەر مالیکییە”، بەڵام ئەوەش دەڵێن، کشانەوەی مالیکی لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆک وەزیران، تەنیا پەیوەستە بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە و بڕیار لای ئەوانە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، نوری مالیکی تا ئێستا لە مافی کاندیدبوون نەکشاوەتەوە، بڕیاری کشانەوەی تەنیا لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەدرێت، کە بە زۆرینەی دەنگی ئەوان کاندید کراوە و دەبێ بە هەمان میکانیزمیش پاشەکشە بکات.

“ئەو قسانە راست نین باس لە جێگرەوەی مالیکی دەکرێت”، حزبی دەعوە وادەڵێن.

دەشڵێن، جیاوازی روون هەیە لە نێوان ئەوەی مالیکی کەسێک لە نێوان چەند کەسێکی دیاریکراو کاندید بکات و پەیوەست بێت بە کاندیدی چوارچێوەی هەمانگییەوە.

هەر لەمبارەیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سبەی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی کاندید بۆ سەرۆک وەزیران لە نووسینگەی سەرۆکی رەوتی حیکمە عەممار حەکیم بەڕێوەدەچێت و “کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلادەکرێتەوە”.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، ئێستا عێراق چاوەڕێی سەرۆک وەزیرانی نوێ دەکات، کە مافی چوارچێوەی هەماهەنگییە کەسێک بۆ ئەم پۆستە راسپێرن، بەڵام ئەمەش بووە بە کێشە و ململانێ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا رەتیدەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ نوری مالیکی بکات، لە کاتێکدا کاندیدی چوارچێوەکەیە، لەولاشەوە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی بەغدای کردووە و پێدەچێت ئێرانیش قسەی خۆی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران هەبێت.

مالیکی و باراک جەختیان لە پابەندبوون بە بەرژەوەندی هاو...

مالیکی و باراک جەختیان لە پابەندبوون بە بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە