سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڵێنی داوە
“یاریزانەکانی زاخۆ ئەگەر بیبەنەوە بەقەد موچەکانیان خەڵات دەکرێن”
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەمڕۆ یاریی پێش کوتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان لە نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و شەبابی سعودی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت، ئەوەی بیباتەوە دەگاتە یاریی کۆتایی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆش بەڵێنی پاداشتێکی گەورەی بە یاریزانان داوە لە حاڵی بردنەوەی یارییەکەدا.
تیپی براوەی یاریی زاخۆ و شەباب، بەرامبەر تیپی براوەی یاریی نێوان قادسیەی کوێتی و رەییانی قەتەری یاریی دەکات، کە ئەوانیش ئەمڕۆ یارییان هەیە و لە کاتژمێر 07:00 ئەم ئێوارەیە.
سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێریی یانەی زاخۆ بە 964 وت، ئەگەر لەم یارییەدا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، ئەوا هەر یاریزانێک بەقەد موچەکەی خۆی لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ گوهدار شێخۆوە خەڵات دەکرێت، یاریزانەکانیش ئامادەییەکی باشیان کردووە بۆ ئەم یارییە چارەنووسسازە.
یانەی زاخۆ لە ساڵی 1987 دامەزراوە، لەسەر ئاستی یانە تا ئێستا هیچ نازناوێکی فەرمی بەدەستنەهێناوە، یەکەمجارە بەشداری قارەمانیەتیی یانەکانی کەنداو دەکات و گەیشتووەتە یاریی پێش کوتایی و چاوی لە نازناوەکەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا