لە ئوسترالیا
سوپایەکی سپی یارییەکی لوتکەى وەستاند
+964
وریا فەتاح
یاریگای “ئامی پارک” لە ئوسترالیا، لە کێبڕکێیەکی توندی نێوان مێلبۆرن ڤیکتۆری و نیوکاسڵ جێتس، بووە شانۆی رووداوێکی ئەفسوناوی و کەم وێنە. لە کاتێکدا ئەنجامی یارییەکە 2 بە 2 یەکسان بوو و چرکەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆیشتن، لەناکاو سوپایەکی سپی لە ئاسمانەوە دابەزین. پۆلە نەورەسێک چیمەنە سەوزەکەیان سپی پۆش کرد و یارییەکەیان ڕاگرت.
لەو ساتەدا، هاندەران و یاریزانان کێبڕکێی گۆڵیان فەرامۆش کرد و کەوتنە ژێر کاریگەرى ئەو ئەو دیمەنە جوان و دەگمەنە. وەها دەهاتە بەرچاو، وەک بڵێی سروشت ویستبێتی بە واژۆیەکی سپی کۆتایی بەو جەنگە وەرزشییە بهێنێت.
هاندەرێکى وەرزشى لە کۆمێنتى ئەو دیمەنە نوسیبووى، نەورەسەکان بۆیە دابەزینە یاریگا تا لەو یارییە پڕ چێژەدا هیچ لایەکیان تامی تاڵیی شکست نەکەن و ئەنجامەکە وەکخۆى بمێنێتەوە و چێژى کۆتایى بۆ دیمەنەکانى کۆتایى بێت کە نەورەسەکان نمایشێکى سروشتى و بێبەرامبەریان پێشکەش بە هەموان کرد.