رێگاى بازاڕ و قوتابخانەیە
دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیری لە هەولێر: باران پردەکەمان برد
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوى چەند رۆژى رابردوو، ئەو پردە کاتییەی دانیشتووانی گەڕەکی ڕۆشنبیری لە هەولێر لەسەر ئەرکی خۆیان دروستیان کردبوو، ئاو بردی و ئێستا هاتووچۆی هەزاران خێزان و قوتابی پەکی کەوتووە.
گەڕەکی رۆشنبیری کە بەپێی وتەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 2 بۆ 5 هەزار ماڵی لێ نیشتەجێیە، گیرۆدەی دەستى بێ خزمەتگوزاری و خراپی رێگاوبان بوونەتەوە، بە تایبەت لە وەرزی بارانباریندا کە رێگای گەیشتن بە قوتابخانە و بازاڕ دەبێتە قوڕ و لیتە و ئاو دەیبڕێت.
فاخیر حاجی سادق، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی راگەیاند: “ناچارین خۆمان پارە کۆبکەینەوە بۆ چاککردنی رێگاکە، چونکە قوتابییەکی زۆرمان هەیە و ناتوانن بڕۆن بۆ قوتابخانە. ئێمە لێرە نەک هەر ڕێگا، بەڵکو قوتابخانە و بازاڕیشمان نییە. پێشتر خۆمان بۆری گەورەمان کڕی و پردێکی کاتیمان دروستکرد، بەڵام ئاوی باران هەمووی بردووە.”
ئازاد ئەحمەد، هاووڵاتییەکی تری هەمان گەڕەک ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی نەبوونی پرد و رێگای شایستە، منداڵەکانیان بەسەر بلۆکدا دەڕۆن بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانە.
سەبارەت بەم کێشەیە، ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، رێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر بە 964ی وت: “ئەو پردە لایەن دانیشتووانی گەڕەکەکەوە بە شێوەیەکی کاتی دروستکرابوو. ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار، لە مانگی 7ـی ساڵی 2025 لێژنەمان بردووەتە شوێنەکە و دەرخستەی پێویستمان بۆ دروستکردنی پردێکی هەمیشەیی و کۆنکرێتی ئامادە کردووە.”
وتیشی: “لە ئێستادا نووسراوی پڕۆژەکە و دەرخستەکە لای پارێزگای هەولێرە و چاوەڕێی وەڵام و تەرخانکردنی بودجەین بۆ ئەوەی دەست بە کارەکان بکرێت.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح