تازە ئاشکرا دەبێت

ئەمریکا لە دانوستانی پاکستان داوای چی لە ئێران کردووە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە میانی دانوستانەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، کە لە ئیسلام ئابادی پاکستان بەڕێوەچوو، داوای لە ئێران کردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.

سەرچاوەکە دەڵێت، لایەنی ئێرانی وەڵامی داواکارییەکەی ئەمریکای داوەتەوە و پێشنیاری کەمکردنەوەی ماوەی راگرتنەکەیان کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەمەریکا هەروەها داوای لە ئێران کردووە هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی لەو وڵاتە بباتە دەرەوە، ئێرانییەکانیش لە بەرامبەردا رایانگەیاندووە، لەبری ئەوە رازی دەبن بە “پرۆسەی چاودێریکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندن”.

دوای شکستی دانوستانەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و رێگەنادات هیچ کەشتییەک بچێتە بەندەرەکانی ئێران و هیچ کەشتییەکیش لە ئێرانەوە ناتوانێت دەربچێت.