"رزقمان لەسەر ئەو شۆستەیەیە"
لە کەرکوک کاسبکاران دژی لابردنی عەرەبانەکانیان ناڕەزاییان دەربڕی
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کاسبکارانی شەقامی مەجیدیە لە شاری کەرکوک، کە سەرقاڵی فرۆشتنی کەلوپەلی ئەمازۆن و دەستی دوون (باڵە)، دژی بڕیارێکی لیژنەی رێکخستنی ناو شار بۆ لابردنی شوێنەوارەکانیان گردبوونەوە.
ئەم کاسبکارانە داوا لە قائیمقام و پارێزگاری کەرکوک دەکەن رێگەچارەیەکی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە، چونکە بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانیان هەیە.
خەلیل سوڵتان، کە یەکێکە لە کاسبکارە کەمئەندامەکان، بە 964ـی راگەیاند: “نزیکەی 80 کەس لەسەر ئەم شۆستەیە کار دەکەین و رزقمان لێرەیە. من رۆژانە تەنها 5 بۆ 10 هەزار دینار پەیدا دەکەم و پارەی کرێی خانووی پێ دەدەم، ئەگەر لێرە لاببرێین هیچ شوێنێکی ترمان نییە.”
جاسم هاشم، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت: “ماوەی سێ ساڵە لێرە کار دەکەین. دوێنێ شەو تیمەکانی شارەوانی هاتوون و مێز و عەرەبانەی هەندێکمانیان بردووە و هەڕەشەی سزادانمان لێ دەکەن. ئێمە لەبەردەم خۆردا تاوەکو کاتژمێر 08:00ی شەو بۆ پێنج هەزار دینار کار دەکەین، کەچی حکومەت رێگریمان لێ دەکات.”
لە بەرامبەردا، ئەندامێکی لیژنەی رێکخستنی ناو شار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی راگەیاندووە، کە هۆکاری ئەم رێکارە بریتییە لە “زیادەڕۆیی” بۆ سەر شۆستەکە.
ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی مێز و عەرەبانەی کاسبکارانەوە شۆستەکە گیراوە و هاووڵاتیان ناچارن لە ناو شەقامەکانەوە هاتوچۆ بکەن، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی پیادە دروست دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح