لە نێوان لێواری جەنگ و کۆتاییهێنانی جەنگدا
بۆچی پاكستان لەوکاتەدا سەرباز و فڕۆکەی جەنگیی ناردووەتە سعودیە ؟
964+
فەرهاد حەسەن
پاکستان لەلایەك ئەمریكا و ئێرانی كۆكردەوە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ، لەلایەكی دیكەش خۆی بەشداری جەنگەكە دەكات! بزانین ئەم هاوکێشەیە چۆنە؟
لەناو گەرمەی ئەو رووداوانەی ناوچەكە، كە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئیسڕائیل لەبەرامبەر ئێران هاتووەتەپێشەوە، وڵاتی پاكستان سەرەڕای ئەوەی خۆی كردە ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی هەردوو لایەنی ئەمریكی و ئێرانی، كەچی ژمارەیەك سەرباز و فڕۆكەی جەنگی ناردووەتە وڵاتی سعودیە.
بۆچی لەم كاتەدا كە دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە وڵاتەكەی سشكستیان هێناوە ئەو فڕۆكانە دەنێرێتە ئەو وڵاتە؟
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە كە ناردن و جێگیرکردنی ئەو فڕۆكانەی پاكستان بۆ سعودیە، بەپێی رێكەوتنێكی پێشتریانە، بەڵام دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەش دێت کە ئێران دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتەی كردووەتە ئامانج.
باشە با بزانین لەنێوان ریاز و ئیسلام ئاباد چ رێكەوتنێك هەیە.
رێكەوتنەكەیان بۆ مانگی ئەیلولی ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، هەردوولا بەڵێنیان بەیەكدی داوە، کە هەر دەستدرێژییەک بكرێتە سەر یەكێكیان پێویستە وڵاتەكەی دیكە پشتگیری و وەڵامدانەوەی هەبێت.
پاکستان لە مێژە پاڵپشتی سەربازی پێشکەش بە سعودیە دەکات، لەوانەش مەشق و راهێنانی و ناردنی تیمی راوێژکاران، سعودیەش چەندینجار پشتیوانی دارایی پاکستانی كردووە، بەتاییەتیش لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکاندا.
بەڵام لەکاتێکی وەکو ئێستادا، رەنگە كارێكی مەحاڵ بێت، كە وڵاتێكی وەكو پاكستان راستەوخۆ وەکو پشتگیرییەک بۆ سعودیە و لە دژی ئێران، بچێتە ناو ئەو جەنگەوە، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەكەم: ژمارەی دانیشتووانی پاکستان نزیکەی ٢٥٩ ملیۆن کەسە، کە ٢٠٪یان (واتە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس) شیعەن، رێژەیەکی زۆری ئەمانە سۆزیان بۆ ئێران هەیە، بۆیە حکومەتی پاکستان نایەوێت ناوخۆی وڵاتەکەی تێکبدات و شەقام بجوڵێت.
دووەم: پاکستان و ئێران سنوورێکی وشکانی دوور و درێژ بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە، ئەمەش كارەساتە ئەگەر بچێتە ناو جەنگێك لەدژی دراوسێكەی کە سنوورێکی ئاوا درێژی لەگەڵدا هەبێت.
سێیەم: دۆخی ناوخۆی پاکستان لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە زۆر ناجێگیرە، وڵاتێک کە خاوەنی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان بێت، پێویستی بە دابینکردنی نان و بژێوییە نەک جەنگێکی بێئامان، كە تێچووەكەی لە رادەبەدەرە.
لەلایەكی دیكە، وڵاتی سعودیە خۆی خاوەنی نزیكەی ١٨٠ فڕۆکەی جەنگیی زۆر پێشکەوتووە، بۆیە بوونی چەند فڕۆکەیەکی پاکستانی لە بنکە سەربازییەکانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگیی سەربازیی ناوچەکەدا دروست ناکات.
هەرچەندە بەرپرسێكی پاکستانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، كە ناردنی هێزە سەربازی و فڕۆكەكانیان بۆ ئەوە نییە هێرش بكەنە سەر هیچ لایەن و كەسێك، بەڵام لەئەگەری دەستپێكردنەوەی جەنگ، بەتایبەتیش ئەگەر ئاگربەستەكەی ئێستای نێوان ئەمریكا و ئێران بێ ئەنجامی ئەرێنی بوو و ئێرانیش وەكو پێشتر هێرش بكاتەوە سەر سعودیە، دەبێت پاكستان بۆ پابەندبوون بە رێكەوتنەكەی لەگەڵ سعودیە وەڵامدانەوەی هەبێت، جا هەر وەڵامدانەوەیەكی ئەویش دەبێتە پشتگیریكردن لە سعودیە و دژایەتیكردنی لایەنی ئێرانی.
كەواتە، پاكستان كەوتووەتە ناو پێگەیەكی زۆر كاریگەر، لەلایەك ئەمریكا و ئێرانی لە ئیسلام ئابادی پایتەخت كۆكردەوە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگەكە، بەڵام لەلایەكی دیكەش خۆی دەبێتە بەشێك لە جەنگ و سەنگەربەندی لەدژی ئێران بەهێزتر دەكات.