موچەخۆران چاوەڕوانن

بەشێک لە ئەى تى ئیمەکانى رانیە پارەیان تێدا نییە

964+
وریا فەتاح

ماوەی 2 مانگە گرفتێکی بەردەوام لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATMـی ئارتی بانک و بانکی ئەهلیی عێراقی لە شاری رانیە دروستبووە و مووچەخۆران ناتوانن شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

سەرەڕای ئەوەی لە رۆژی پێنجشەممەوە پارەی مووچە خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی لیستی راگەیەندراو دەبوو لە رۆژی یەکشەممەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بانکە ئەهلییانە لە سنووری رانیە پارەیان نەخستووەتە ناو ئامێرەکانیانەوە.

ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی سنوورەکە بە 964یان راگەیاندووە، ئەمە دووەم مانگە ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە و بووەتە هۆی بێزارییەکی زۆر.

ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەهۆی نەبوونی پارە لەم ئامێرانەدا، ناچارن چەندین جار سەردانی بانکەکان بکەنەوە یان پەنا بۆ بانکەکانی دیکە بەرن، کە ئەمەش وایان لێدەکات بە بڕێکی زیاتر لە تێچووی ئاسایی مووچەکانیان وەربگرن.

لە ئێستادا دەیان مووچەخۆر لە بەردەم ئامێرەکانی ATM لە رانیە سەرەیان گرتووە و چاوەڕوانن بانکەکان پارە بخەنە ناو ئامێرەکانەوە تا بتوانن مووچەی ئەم مانگەیان وەربگرن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئامێرەکانی ئەی تی ئێم لە کەلار جمەیان دێت

ئامێرەکانی ئەی تی ئێم لە کەلار جمەیان دێت