جەنگەکە نایوەستێنێ

لە ئێران: 1ـى 5 هەڵبژاردنە

964+

وریا فەتاح

لە کاتێکدا ئێران لە دۆخێکی نائاسایی جەنگیدایە و شاندە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستانەکان نەگەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گوندەکان و شارەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکە لە ماوەی رابردوودا بەناو سێ رووداوی گەورەی سەربازیدا تێپەڕیوە (جەنگی 12 رۆژە، رووداوەکانی مانگی 1 و جەنگی رەمەزان)، بەڵام ئامادەکارییەکان نەوەستاون و هەڵبژاردن لە 1/5/2026 بەڕێوەدەچێت.

ئێران دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە پەیامێک بنێرێت کە “جەنگ” کاریگەری لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت نەبووە. بەرپرسانی تاران پێیان وایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن، پێگەی تیمە دانوستانکارەکانیان لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەهێزتر دەکات.

زانیارى لە بارەى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکەى ئێران:

16.4.2026: دواکاتە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تانانەی کاندیدەکان لەسەر رەتکردنەوەی ناویان گرتوویانە.
23.4.2026: دەستپێکردنی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردن.
29.4.2026: کۆتاییهاتنی ماوەی بانگەشە.
1.5.2026 : رۆژی دەنگدان و چوونە سەر سندوقەکان.

عەلی زەینیوەند، سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنەکان، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە رەنگە “وەستان یان پچڕانێک” لە کارەکاندا دروست بووبێت، بۆیە فەرمانی بە پارێزگارەکان کردووە بە خێرایی قەرەبووی بکەنەوە و هەموو هێزە ئەمنییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن بۆ پاراستنی پڕۆسەکە.

حکومەتی ئێران جەخت دەکاتەوە کە “مانەوەی خەڵک لە شەقام و پشتگیریکردنی دەسەڵات”، تەواکەری ئەو جەنگەیە کە “رەزمەندەکان” لە مەیدانی شەڕدا دەیکەن.