ئیدارەی راپەڕین قەرزی کارەبا دەکاتە قیست
964+
مەجید بتوێنی – ڕاپەڕین
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەڕین 103 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە، تائێستا 25 ملیار دیناریان نەداوەتە کارەبای ڕاپەڕین، ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەدا هاوبەشەکان قەرزەکان نەدەنەوە یاخود نەیکەن بەقیستی مانگانە کارەباکەیان دەبڕدرێت.
بەشی فرۆشتنی ووزەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەڕین، ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەکاتەوە، هەرهاوبەشێکی کارەبا ماڵ بێت یاخود شوێنی بازرگانی و پیشە سازی و کشتوکاڵی، قەرزاری پارەی کارەبایە و قەرزەکەی لەسەروی 500 هەزار دینارەوەیە، دەبێت لە ماوەی 14 ڕۆژدا قەرزەکەی بداتەوە، ئەگەرنا کارەباکەی دەبڕدرێت.
عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای ڕاپەڕین بە 964ی ڕاگەیاند، ئامانجیان لەو بڕیارە کۆکردنەوەی قەرزی کارەبایە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەکانی کارەبای سنورەکە، بۆئەو مەبەستە دەستیان بە کۆکردنەوەی قەرزەکان کردووە چی بەشێوەی قیستی مانگانە بێت یاخود نەقدی.
وتیشی، سەرەتا لەفەرمانگە حکومییەکانەوە دەستیان پێکردووە، بەڵام هێشتا فەرمانگەکان دوو ملیار دینارقەرزدارن، شوێنە بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانیش هەشت ملیار دینار قەرزدارن هاوبەشی ماڵانیش 15 ملیار دینار قەرزدارن.
لە ماوەی 14 رۆژدا هاوڵاتییان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا بکەن تا بڕی قیستەکەیان بۆدیاری بکەن و دوای ئەوە دەتوانن قیستەکە مانگانە لەبەر دەرگای ماڵەکانیان بدەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی