پاش هۆشدارییەکەی تەندروستی سلێمانی
فرۆشتنی کوزەڵە و هەندێک لە سەوزەکان لە هەڵەبجە قەدەغە کرا
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوای هۆشداری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کرمی جگەر کە بەشێک لە حاڵەتەکان لە لە هەڵەبجە تۆمارکراون، ئەمڕۆ لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا فرۆشتنی کوزەڵە قەدەغەکرا و هەر دووکانێکیش کوزەڵەی هەبوو پێی لابرا.
گوڵاڵە مستەفا، ئەندامی لیژنەی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “سەردانی ناوبازاڕمان کرد و ئەو دوکانانەی کە سەوزەیان هەیە، هۆشداریمان پێداون کە ئەو سەوزانەی کە رەگ و ریشەیان لەناو ئاودایە وەک (کوزەڵە، پونگە و بەنۆڵە) تا نەمانی ئەم نەخۆشیە و ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە نەیانفرۆشن.
“ئەو کوزەڵەیەی کە ئێستا لە بازاڕدایە بە ئاوی بیر ئاودەدرێت، هەموو دوکانەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو سەوزانە نەهێنن، لەو دوکانانەشی کە سەردانمان کردوون تەنیا سێ دووکان کوزەڵەیان هەبووە و پێمان لابردوون”، گوڵاڵە مستەفا وای وت.
دوێنێ بەڕێوەبەری تەندرووستی سلێمانی هۆشداریدا کە 90 حاڵەتی تووشوون بە کرمی جگەر تۆمار کراون و زۆربەی حاڵەتەکانیش لە هەڵەبجە ودەڤەری راپەڕین بوون، بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، تەنیا سێ حاڵەت لەو ژمارەیە لە هەڵەبجە بوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری