خاوەن ئەرشیفێكی گەورەی هونەرییە

ئەمڕۆ یادی چوار ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەند هاوتا ئەسعەدە

ئەرسەلان عەبدوڵا

چوار ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ، هونەرمەندی ناودار هاوتا ئەسعەد بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەست دا و ئەرشیفێكی جوانی هونەری لەدوای خۆی جێهێشت.

هونەرمەند هاوتا ئەسعەد لە ساڵی 1961 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە، ساڵی 1985 لە رێگەی گۆرانی شیرنەوخانم یەكەم گۆرانی خۆی لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر تۆمار كرد.

ساڵی 1988 یەكەم ئەلبومی گۆرانی خۆی لە ژێر ناوی (هەر من رەنجەڕۆم) لە رێگەی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی رواندز تۆمار كرد، كە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.

ساڵی 1992 لەگەڵ هونەرمەند بەهجەت یەحیا لە شاری كۆیە یەكەم كۆنسێرتیان بە بۆنەی راپەرینە مەزنەی كوردستان ساز كرد، كە تیایدا چەندین گۆرانی نیشتمانی و ئەڤینیان پێشكەش كرد.

ساڵی 1993 ئەلبومی دووەمی گۆرانی بڵاوكردەوە و دواتر ساڵی 1994 دەچێتە ئەوروپا و لە ساڵی 1996 سێ ئەلبومی گۆرانی  بڵاوكردەوە، كە یەكێكیان لە ژێر ناوی (ئامۆزا) بوو، لە سوێد بڵاوكرایەوە.

هاوتا ئەسعەد كە براگەورەی هونەرمەندی ناودار زیاد ئەسعەدە، لە كاتی شەڕی براكوژی چەند گۆرانییەكی دژی شەڕ و لایەنە شەڕكەرەكان بڵاوكردەوە و زیاتر ناوبانگی پەیدا كرد.

ماوەیەكیش لە كاری هونەری گۆرانیوتن دووركەوتەوە و دواتر بە شێوەی پچڕپچِر چەند گۆرانییەكی نیشتمانی تۆمار كرد، لەوانە (كەركوك، هەڵەبجە، كوردستان) كە ئەم بەرهەمانە هۆنراوەكانی لەلایەن شاعیر ئیسماعیل محەمەد نووسراون، لەگەڵ كچەكەی كەژێ تۆمار و بڵاویان كردەوە.

ساڵی 2010 بۆ زنجیرە درامای رێحانە گۆرانی تایتڵ و چەند مەقامێك و لاوكێك و پارچەیەك حەیران بۆ دیمەنەكانی دراماكە تۆماركرد.

هاوتا ئەسعەد شارەزاییەكی باشی لە وتنی لاوكدا هەبوو، چەندین تراكی بە شێوەی تاك بڵاوكردەوە، دیارترینیان (قەڵای دم دم، ئازیز، سەحەرە، دایە) بوون.

ساڵی 2021 هاوتا ئەسعەد تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، بۆ ماوەی چەند مانگێك چارەسەری وەرگرت و دواجار لە 7.4.2022 گیانی لەدەست دا.