بەشێک لە نانەواخانەکانی کۆیە

غازیان دەستناکەوێ و شەش نانیان کرد بە 1000 دینار

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

پێشتر کە دەچوویتە نانەواخانەکانی کۆیە، بەبێ دەنگی هەزار دینارت دادەنا و هەشت نانت دەبرد، بەڵام ئێستا دەبێ بپرسی هەشت نان بە هەزارە یان شەش، چونکە لە بەشێک لە نانەواخانەکانی شارەکە نرخی نان بەرزبۆتەوە و شەش نان بووە بە هەزار دینار.

ئاری عوسمان خاوەن نانەواخانەیەکە و بە 964ـی وت، “نرخی نانمان بەرزکردۆتەوە چونکە نەمان ویست دەستکاری قیاسی گونکەکان بکەین، ئەگەر شەش نان نەدەین بە هەزار دینار بۆمان دەرناهێنێ”.

وتیشی، هەر وەک رابردوو قیاسی گونکەکان 100 غرامە و ئەو نانەواخانەنەی کە نرخی نانیشیان گران نەکردووە ناچارن لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمە بکەن، چونکە بۆیان دەرناهێنێ.

چەند نانەواخانەیەکی دیکە لە کۆیە بە 964ـیان وت، هێشتا نرخی نانیان بەرزنەکردۆتەوە، لەئێستادا بەتەواوی لە زەرەرداین بەڵام هێشتا نرخی نانمان بەرز نەکردۆتەوە و نازانین دەتوانین چەندی تر بەرگە بگرین.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی کۆیە کرد، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی بارودۆخەکە بۆ هەموو ناوچەکە گشتگیرە و تەنیا کۆیە نییە، ئامادەنەبوون قسە بکەن، بەڵام ئاشکرایان کرد کە هیچ رێنماییەکمان بۆ نەچووە لەسەر ئەوەی کە رێگری بکەن لە بەرزبوونەوەی نرخ.

پێشتر لەگەڵ گرانبوونی نرخی غاز، نانەواخانەکانی کۆیە تەندوورەکانیان بەدار گەرم دەکرد، لەئێستادا وەک نانەواخانەکان باسی دەکەن، نرخی داریش بەرزبووەتەوە و جاران کە پیکاب داریان دەکڕی بە 80 هەزار دینار، ئێستا دەبێ نزیکەی 200 هەزاری دیناری پێبدەن و و رۆژبەڕۆژیش گرانتر دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

قایمقامی کۆیە: بەڵێنمان پێدراوە تا کۆتایی ئەم مانگە کێ...

قایمقامی کۆیە: بەڵێنمان پێدراوە تا کۆتایی ئەم مانگە کێشەی غاز چارەسەر بکرێت

نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەی کۆیە بەردەوام لە بەرزبوونە...

نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەی کۆیە بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە