جارێکی تر پشتێنەی خورماتوو ئاو بردی
“رێگهی بارهەڵگرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا داخرا”
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
رێگای پشتێنەی خورماتوو ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەڕووی بارهەڵگرەکانی نێوان شارەکانی هەرێم و بەغدا داخراوە و بەهۆی رۆچوونیەوە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارە و شارەوانیی خورماتووە نۆژەنکرایەوە، بەڵام بەرگەی قورسایی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی نەگرت و دوای دوو رۆژ جارێکی تر رووخا و رۆچوو، بهمهش رێگهکە داخرایەوە.
قاسم عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو بە 964ـی وت، “تائێستا دەیان جار لەگەڵ شارەوانی ئەو رێگهیەمان نۆژەن کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە ناتوانراوە بە شێوەیەکی کوالێتی بهرز رێگهکە چاک بکرێتەوە، ناچارین جارجاره ئهگەر بە شێوەی پینەوپەڕۆش بێت رێگهکە چاک بکرێتەوە، چونکە رێگهی سەرەکییە و بارهەڵگرەکانی نێوان شارەکانی هەرێم و بەغدای لەسەرە.
وتیشی، رێگهكه پێویستی بە دروستکردنی پردێکە و چەندین جار بە نووسراوی فەرمی بەغدا و پارێزگای سەڵاحەدین لەو کێشەیە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە، وەڵامی داواکە نەدراوەتەوە و زیاتر لە ساڵێکە بەدەست کێشەی رێگهكه دەناڵێنین.
رێگه سەرەکییە دەکەوێتە دیوی باکووری رۆژئاوای خورماتووە و رێگهی بارهەڵگرەکانی نێوان هەرێم و بەغدایه، ماوەی زیاتر لە مانگێکە بە داخراوی ماوەتەوە و تائێستا دەیان جاریش نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام چونکە به کوالێتییهكی باش چاک ناکرێتەوە و رێگهکە چەمی ئاوەسپێی بەسەرەوەیە، بەرگەی قورسایی ناگرێت و هەر زوو تێکدەچێ و دەڕووخێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا