سوپای ئیسرائیل هۆشداری دایە ئێرانییەکان و دەڵێت، بە شەمەندەفەر گەشت مەکەن و خۆتان بپارێزن
سوپای ئیسرائیل بۆ ئێرانییەکان:
“بە شەمەندەفەر گەشت مەکەن و خۆتان بپارێزن”
شۆڕش قادری
سوپای ئیسرائیل داوا لە خەڵکی ئێران دەکات، لە وێستگەکانی شەمەندەفەر دوور بکەونەوە و خۆیان لە گەشتکردن بە شەمەندەفەر بپارێزن.
سوپای ئیسرائیل لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا و بە زمانی فارسی هۆشداری دایە خەڵکی ئێران و رایگەیاند، “بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیتان، لەم کاتەوە تا کاتژمێر 9ـی شەو بەکاتی ئێران لەبەکارهێنان و گەشتکردن بە شەمەندەفەر لە سەرانسەری وڵات خۆتان بپارێزن، بوونتان لەناو شەمەندەفەر و لە قەڕاغ وێستگەکان گیانتان دەخاتە مەترسییەوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمشەو مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمز کۆتایی دێت و ئەگەر ئەمڕۆ نەگەنە رێککەوتن، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی وزە و کارەبای ئێران و بەقسەی ترەمپ ئاگریان بەسەردا دەبارێنن.