"زیرەکترە لە سەرکردەکانی پێش خۆی"

ترەمپ: سەرۆکی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی لێ کردووین

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرۆکی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی لە ئەمریکا کردووە.

کەمێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پۆستێکی تازەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “سەرۆکی نوێی رژێمی ئێران کە زۆر زیرەکتر و تاڕادەیەک میانەڕەوترە لە سەرۆکەکانی پێش خۆی، داوای ئاگربەستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان ئەو داواکارییە لەبەرچاو دەگرن کاتێک گەرووی هورمز کراوە و ئازاد و خاوێن دەبێت، تا ئەو کاتەش هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت.

دوای کوژرانی عەلی خامنەیی رابەری ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە 28.2.2026 بوو، موجتەبا خامنەیی کوڕی شوێنەکەی پڕ کردەوە، کە دەوترێت ئەویش لە هێرشەکاندا بەسەختی برینداربووە، لەو کاتەشەوە تا ئێستا دەرنەکەوتووە و تەنیا چەند پەیامێکی بەنووسین بڵاوکردووەتەوە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک رایگەیاندووە کە لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و کاربەدەستانی ئێران لە گفتوگۆ و دانوستان دان، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەردەوام رەتیانکردووەتەوە.