150 ساڵە پردی ئەڵوەن رووناکی بەخۆیەوە نەبینیوە

964+

راژان مەجید-خانەقین

پردی ئەڵوەن کە هێمای دیاری شاری خانەقینە، هیچ هۆکارێکی روناکردنەوەی نییە و لەشەودا بەتەواوی تاریکە.

بەهۆی پشتگوێخستنی، چالاكوانانی شارەكە چەندین هەڵمەتیان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی پردی ئەڵوەن.

قەزای خانەقین، لەدوای ساڵی 2004-ەوە خاوەنی دوو فەرمانگەی شارەوانییە، یەکێکیان سەر بە حکومەتی عێراقە و ئەوەی تریان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، چاککردنەوەی روناکی پردەکە لەو ساڵەوە لە ئەستۆی شارەوانیەکانە.

سۆران عەلی، سەرۆكی شارەوانی خانەقین-حکومەتی هەرێم، بە 964-ی وت “بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەردەوام شارەوانی ئێمە پردەکەی پاك دەكردەوە، سیستمی روناكیمان بۆ دادەنا، بەڵام دوای ئەم رێککەوتە، بێ بودجەیی رووی لە فەرمانگەكەمان كردوە، ئێستا ئەم ئەركە كەوتۆتە ئەستۆی شارەوانیی سەر بە حکومەتی عێراق”.

مەریەم غەفور سەرۆكی شارەوانی خانەقین- حکومەتی عێراق، وتی “لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەك روناکیمان بۆ پردەکە دانا، بەڵام ئێستا لەكار كەوتوون، ئێمە ئەمڕۆ بەدەستی بێ بودجەیی دەناڵێنین و جارێ هیچمان پێ ناكرێت”.

ئەیاد كەركوكی، چالاكوانێکی قەزای خانەقینە بە 964-ی وت، ساڵانێكە پردی ئەڵوەن فەرامۆشکراوە، هانامان بۆ هەموو لایەک برد، بەڵام کەس بە هانامانەوە نەهات و ئێستا پردەکە لە شەودا بەتەواوی تاریکە”.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژوویەکان، پردی ئەڵوەن لە ساڵی 1855 لەسەردەستی بان خاتوون خوشکی محەمەد عەلی میرزا حاکمی کرماشان دروستکراوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی