عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
پەیامە نوێیەکەی ئۆجەلان؛
“خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە”
شۆڕش قادری
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دووپاتی دەکاتەوە کە خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە.
شاندی دەم پارتی 27ـی ئەم مانگە جارێکی دیکە چوونەتەوە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتووە، شاندەکە راگەیەنراوێکی لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووتەوە و دەڵێت، ئۆجەلان پێی وتوون، “سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و ئیتر گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە و قۆناغی ئێستا تێپەڕینە بۆ ئاشتی و دیموکراسی”.
دەقی راگەیەندراوەکەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە خوارەوە؛
بۆ رای گشتی و میدیاکان؛
لە رێکەوتی 27ی ئاداری 2026 لە چوارچێوەی دیدارەکانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، کۆبوونەوەیەکمان لە دورگەی ئیمراڵی ئەنجامدا، لە دیدارەکاندا بە روونی بینرا کە پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ، لەم خاڵەدا دەرکەوت کە رێگەی چارەسەری، بابەتێکی فرەڕەهەندە و پێویستە بە رەهەندەکانی دانوستان و ئیرادەی دیموکراسی و بەرپرسیارێتی مێژووییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئاماژە بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییە کرا کە پەرلەمانی تورکیا لەم پرۆسەیەدا لەئەستۆی گرتووە؛ جەختکرایەوە کە زۆر گرنگە ئەو کارانەی دوای راپۆرتی کۆمسیۆن دەکرێن بەبێ بەفیڕۆدانی کات بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر و یەکگرتووەوە.
لەو هەڵسەنگاندنانەی وەک شاندەکە کردمان، ئەو بۆچوونە هاوبەشە هاتە ئاراوە کە بۆ لەدەستنەدانی دەرفەتە مێژووییەکان و هاتنەدی ئیرادەی چارەسەری راستەقینە، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ کراوە بن و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت. جارێکی تر جەختکرایەوە کە کۆمەڵگەی دیموکراسی زامنی داهاتووی هەموو گەلان و باوەڕییەکانە کە لە تورکیادا دەژین. ئێمە باوەڕمان وایە هەرکەسێک لەم پرۆسەیە تێبگات و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات نەک تەنیا ئەمڕۆ بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش مسۆگەر دەکات.
پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلان لە کاتی دیدارەکەدا بەم شێوەیەیە:
“نابێت بە شێوەیەکی تەسک مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشە گەورەیەدا بکرێت کە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین. چونکە پیلانی هەژموونگەریی قوڵ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لە کاتێکدا لە سوریا لە پاڵ دۆخە ئازاربەخشەکاندا تا رادەیەک پێشهاتی ئەرێنی هەیە، ئێستاش جەنگی ئێران لە رۆژەڤدایە. لە جەنگی ئێراندا سێ هێڵ دەرکەوتوون: یەکەمیان هێڵی ئەمریکا-ئیسرائیلە، دووەمیان هێڵی پاراستنی دۆخی هەنووکەییە لەلایەن هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمییەوە بە رابەرایەتی بەریتانیا، سێیەمیشیان ئەو هێڵی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییەیە کە ئێمە پەرەمان پێداوە و بەرگری لە دیموکراسی و ژیانی هاوبەش دەکەین، پێشهاتەکانی ئێران جارێکی تر رەوایی و گرنگی ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت سەلماند.”
“ئێمە چارەسەرێک لەسەر تەوەری ئەنادۆڵ – مێزۆپۆتامیا بە بنەما دەگرین، پەیوەندی ئەنادۆڵ و مێزۆپۆتامیا رەگ و ریشەی مێژوویی قوڵی هەیە. یەکەم پەیماننامەی ئاشتی گەورەی مێژوو پەیمانی کادێش بوو لە نێوان هیتییەکان و میسرییەکاندا. مێژووی سیاسی چوار هەزار ساڵەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلماندی کە ئاسایشی ئەنادۆڵ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێزۆپۆتامیادا تێدەپەڕێت. یەکگرتنی دیموکراسییانە بە واتای بەشداریکردنی کولتووری مێزۆپۆتامیایە وەک قەوارەیەکی دیموکراسی.”
“ئێمە کێشەمان لەگەڵ کۆماردا نییە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە کۆمار دیموکراتیک نییە، دیموکراسی تەنیا چارەسەرە کە کۆمار بەهێز دەکات.”
“دەربڕینی هەڵە و زێدەڕۆیی و دژە دیموکراسی لە قۆناغە مێژووییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتاندا، نابێت وەک دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان سەیر بکرێت. پێویستە بوترێت کە بەرگریکردن لە شێوازەکانی تواندنەوە بە باوەڕێکی پۆزەتیڤیستانە، وەک کراسێکی تەسک وایە کە بە بەر وڵاتدا کرابێت.”
“وەک لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتیشدا رامگەیاند، قۆناغی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە، ئیتر گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە، ئەو قۆناغەی تێیدا دەژین قۆناغی تێپەڕینە بۆ ئاشتی بە کۆمارێکی دیموکراسییەوە، کاتێک پرۆسە چاوەڕوانکراوەکە سەرکەوتوو دەبێت، کۆمار دوو هێندە بەهێزتر دەبێت، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراسی تا رادەیەکی زۆر ئەم جۆرە چارەسەرە بە بنەما دەگرێت، پێویستە تێگەیشتنێک بۆ کۆمەڵایەتیبوون و هاووڵاتیبوون پەرەپێبدەین کە پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ دەوڵەت بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ رێکبخات، دەوڵەتیش دەبێت لێرەدا ئەوە ببینێت کە هیچ دۆخێکی وەک چالاکی وێرانکەر یان هەڕەشەی ئەمنی بوونی نییە.”
“بەشداریکردن لە کۆماردا؛ دەبێت بە ناسنامە و ئازادی رادەربڕین و بیروڕا و ئازادی رێکخستن و ئازادی ژنانەوە بێت، ئەمە بوارەکانی ئازادین کە نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەمووان کاران، لەم خاڵەدا زۆر بە گرنگی دەزانم کە بۆ تێگەیشتنی دروست لە بۆچوونەکانم سەبارەت بە پرۆسەکە بە شێوازی گونجاو بگەینە رای گشتی.”
“چارەسەری یەکگرتنی دیموکراسییانە، نزیکبوونەوەیەکی بنەما کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگرێت، چارەسەری بنەما کۆمەڵایەتی پێویستی بە دیموکراتیزەکردنی گشتگیر و دەستەجەمعی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.”
لەگەڵ رێزماندا؛
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی
31ی ئاداری 2026