روونکردنەوە دەدرێت
دەنگۆکان راست دەرنەچوون؛ بیرەکانی باوەنوور ئاو نەیبردووە تەنیا لێڵ بووە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بۆ چەندەمین جارە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان، ئاوی بیرەکانی ناحیەی باوەنوور لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لێڵ دەبێت و دابەشکردنی ئاو بەسەر ماڵاندا رادەگیرێت.
عەدنان عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنوور بە 964ـى راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بردنی بیرەکان دەکەن لەلایەن لافاوەوە دوورن لە راستییەوە، بیرەکان سەلامەتن بەڵام تەنیا ئاوەکەیان لێڵ بووە و تا روون نەبێتەوە شیاوی خواردنەوە نییە.
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، لە ئێستادا لە رێگەی تەنکەرەوە ئاو بۆ شوێنە گشتییەکان، مزگەوت و قوتابخانەکان دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بارانبارین بەردەوام بێت و لێڵبوونی ئاوەکە درێژە بکێشێت، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەکەن تەنکەر بۆ ماڵەکانی هاوڵاتیانیش دابین بکەن.
“پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی ناحیەکە کە بە تەواوبوونی ئەم کێشەیە بنبڕ دەکات، 90%ی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارەکانی راگیراوە و نەتوانراوە بخرێتە گەڕ”، بەڕێوەبەرى ناحیەى باوەنوور واى وت.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح